زەبوورەکان 141
Kurdi Sorani Standard
زەبوورێکی داود.
141 ئەی یەزدان، هاوارم بۆ تۆ کرد، خێرابە بۆ لام!
گوێ لە دەنگم بگرە کە هاوارت بۆ دەکەم.
2 با نوێژم وەک بخوور لەبەردەمت بچەسپێت،
دەست بەرزکردنەوەم وەک قوربانی ئێوارە بێت.
3 ئەی یەزدان، پاسەوانێک دانێ بۆ دەمم،
دەرگای لێوەکانم بپارێزە.
4 وا مەکە دڵم بەلای خراپەدا بچێت،
نەوەک خۆم بە کردەوەی بەد خەریک بکەم،
لەگەڵ ئەوانەی بەدکاری دەکەن،
لە شتە خۆشەکانی ئەوان ناخۆم.
5 با پیاوچاک لێم بدات، ئەوە خۆشەویستییە،
با سەرزەنشتم بکات، ئەو وەک ڕۆنی بۆنخۆشی سەرە،
سەرم لاری نییە،
چونکە بەردەوام نوێژەکانم لە دژی خراپەکانیانە.
6 ڕابەرانیان لە خەرەند فڕێدەدرێنە خوارێ،
ئەوسا گوێ لە قسەم دەگرن چونکە ڕاستە.
7 وەک کێڵان و شەقکردنی زەوی،
ئاوا ئێسقانەکانیان لە دەمی گۆڕ پەرت دەکرێن.
8 چونکە چاوەکانم سەرنجیان لەسەر تۆیە، ئەی یەزدانی پەروەردگار،
پەنا دێنمە بەر تۆ، با گیانم نەفەوتێت.
9 بمپارێزە لەو داوەی بۆیان ناومەتەوە،
لە تەڵەی بەدکاران.
10 با بەدکاران پێکەوە بکەونە تۆڕی خۆیانەوە،
لەو کاتەدا من بە ئاسوودەیی بپەڕمەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.